به‌پێی شایه‌تیی هێندێ له‌ قوتابیان، سه‌ره‌تا ده‌نگێكی وه‌ك ته‌قینه‌وه‌ له‌ ده‌ورووبه‌ری قوتابخانه‌ بیسترا، پاشان بۆنێكی توند و ناخۆش ته‌واوی قوتابخانه‌ی له‌خۆ گرت.

به‌شێك له‌ قوتابیان له‌لایه‌ن دایك و باوكانیان بۆ نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی ڕاگوێزران. تاكوو ئێستا زیاتر له‌ ٣٥ قوتابی ژاراوی كراون و له‌ به‌شه‌ تایبه‌ته‌كانی نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. تاكوو ئێستا هۆكارێك بۆ ئه‌و كاره‌ دیاری نه‌كراوه‌ و به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار هیچ قسه‌یه‌كیان له‌و بواره‌وه‌ نه‌كردووه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ كه پێش نه‌ورۆزیش، قوتابیانی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی تر له‌ شاری سه‌قز ژاراوی كران كه به‌هۆی هۆكارگه‌لێك له‌ میدیاكاندا ڕانه‌گه‌یه‌ندران.

هێرشی ژاراویكردن بۆسه‌ر قوتابخانه گیانی كارۆ په‌شابادی، مناڵێكی خه‌ڵكی كامیارانی گرت

كارۆ په‌شابادی، كوڕێكی كوردی خه‌ڵكی شاری كامیاران كه له‌ كۆتاییه‌كانی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٤٠١ له‌ قوتابخانه‌یه‌كی تاران ژاراوی كرابوو، دوای سێ حه‌وته‌ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، گیانی له‌ده‌ست دا. 

ته‌رمی ئه‌و مناڵه‌ ١٦ ساڵه‌یه‌ شه‌وی ١٩ی خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠٢ له‌ گوندی په‌شاوه‌ی سه‌ر به‌ شاری كامیاران ئه‌سپارده‌ی خاك كرا.

ژاراویكردنی قوتابیانی قوتابخانه‌ی كچانه‌ی سه‌عدییه‌ی ورمێ

ئاماده‌بووانی ئه‌و شوێنه‌ وتیان: به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی غاز له‌و قوتابخانه‌یه‌، ڕێژه‌یه‌ك له‌ قوتابیان ژاراوی بوون كه به‌ یارمه‌تی هێزه‌كانی ئینتزامی و بنكه‌ی خێرایی ته‌ندروستی له‌ قوتابخانه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ ده‌كرێ.

به‌پێی ڕاپۆڕتی شه‌به‌كه‌ی شه‌رق، قوتابیانی قوتابخانه‌ی كچانه‌ی سه‌ره‌تایی «هیات امنایی» شاری ورمێ ژاراوی كران.

له‌ ڕێژه‌ی قوتابیانی ژاراویبوو، ئامارێك له‌ده‌ستدا نیه‌، به‌ڵام به‌پێی وته‌ی شاهیدان، هێندێك له‌ قوتابیانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ش به‌ ماشێنی فریاكه‌وتن بۆ بنكه‌كانی ته‌ندروستی ڕاگوێزران.